بیروباوەڕی ڕاستەقینە و دژەكانی:بنچینەى یەكەم: باوەڕ بوون بە خوا

نوسەر: الشيخ عبد العزيز بن عبد الله بن باز

وەرگێڕ: مامۆستا خلیل أحمد

باوەڕبوون بە خواى گەورە بەوە ئەبێ، كە باوەڕت ببێ خواى گەورە پەرستراوى ڕاستەقینەیە و شایستەى پەرستنە، جگە لەو هیچ كەس و شتێكى تر شایستەى پەرستن نىیە، چونكە خوا بەدیهێنەرى خەڵكى یە و چاكەیان بەرانبەر ئەك او ڕۆزیان ئەدا و زانایە بە پەنهان و ئاشكرایان، هەر ئەو توناى هەیە پاداشتى چاكە كارانیان بداتەوە و سزاى تاوانبارانیشیان بدات.
خواى گەورە ئادەمیزاد و جنۆكەى تەنها بۆ پەرستن بەدى هێناوە، فەرمانیشى بەوە پێ كردوون وەكو دەفەرموێ: [وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ مَا أُرِيدُ مِنْهُم مِّن رِّزْقٍ وَمَا أُرِيدُ أَن يُطْعِمُونِ إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّةِ الْمَتِينُ] الزاريات: 56 ـ 58.
واتە: جنۆكە و ئادەمیزادم بۆ هیچ دروست نەكردووە تەنها بۆ ئەوە نەبێت كە عیبادەتم بكەن، ڕۆزیم لەوان ناوێ و ناشمەوێ خۆراكم بدەنێ، بەڕاستى هەر خوایە ڕۆزى دەر و خاوەن هێز و دەسەڵات.
وە دەفەرموێ: [ يَا أَيُّهَا النَّاسُ اعْبُدُواْ رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ وَالَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الأَرْضَ فِرَاشاً وَالسَّمَاء بِنَاء وَأَنزَلَ مِنَ السَّمَاء مَاء فَأَخْرَجَ بِهِ مِنَ الثَّمَرَاتِ رِزْقاً لَّكُمْ فَلاَ تَجْعَلُواْ لِلّهِ أَندَاداً وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ ] البقرة: 21 – 22.
واتە: ئەى خەڵكینە پەروەردگارى خوَتان بپەرستن، ئەو پەروەردگارەى كە ئێوە و پێشینانى خوڵقاند بۆ ئەوەى خواپەرستى بكەن، ئەو پەروەردگارەى كە زەوى كردووەتە فەرش بۆ ئێوە و ئاسمانیشى كردووەتە بینا و لە ئاسمانیش ئاو و بارانى بۆ ئێوە ناردوە، بە هۆى ئەو بارانەوە هەموو جۆرە میوەیەكى بۆ ڕۆزى (رزق) ى ئێوە لە زەوى ڕوواندووە، كەوابوو هاوبەش بۆ خوا دامەنێن لە كاتێكدا كە ئەوانە ئەزانن.
هەروەها بێگومان خواى گەورە پێغەمبەرانى ڕەوانە كردووە و كتێبەكانى دابەزاندووە بۆ ڕوون كردنەوە و بانگەواز كردن بۆ ئەم ڕاستىیە، وە بۆ ترساندن لە كردنى ئەوانەى پێچەوانەى ئەم ڕاستىیە دەوەستن، وەكو خواى گەورە دەفەرموێت:[ وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَّسُولاً أَنِ اعْبُدُواْ اللّهَ وَاجْتَنِبُواْ الطَّاغُوتَ] النحل: 36.
واتە: بە ڕاستى ئێمە لە ناو هەر ئوممەتێكدا پێغەمبەرێكمان ناردووە تا خوا بە تەنها بپەرستن و دوور كەونەوە لە پەرستنى جگە لە خوا، وەكو شەیتان و بت و فاڵچى و... هتد.
وە دەفەرموێ: [ وَمَا أَرْسَلْنَا مِن قَبْلِكَ مِن رَّسُولٍ إِلَّا نُوحِي إِلَيْهِ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدُونِ] الأنبياء: 25.
واتە: ئێمە بەر لە تۆ هیچ پێغەمبەرێكمان ڕەوانە نەكردووە ئیلا وەحى مان بۆ ناردووە كە بێجگە لە من هیچ پەرستراوێك نىیە كە شایستەی پەرستن بێت جگە لە من جا كەوا بوو تەنها من بپەرستن.
وە دەفەرموێ: [ الر كِتَابٌ أُحْكِمَتْ آيَاتُهُ ثُمَّ فُصِّلَتْ مِن لَّدُنْ حَكِيمٍ خَبِيرٍ، أَن لاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ اللّهَ إِنِّنِيَ لَكُمْ مِّنْهُ نَذِيرٌ وَ بَشِيرٌ ] هود: 1 ـ 2.
واتە: ئەم قورئانە كتێــبێكە ئایەتەكانى تێر و تەسـەل 
كراوە و شەرح دراوە لە لایەن خوایەكى زانا و داناوە، پێیان بڵێ هیچ كەس و شتێكى تر نەپەرستن جگە لە خوا، وە بڵێ من تەنها موژدەر و ترسێنەرم. 
حەقیقەتى ئەم پەرستنەش بریتىیە لە تاك كردنەوەى خوا لە هەموو ئەو پەرستنانەى بەندە ئەنجامیان ئەدات، لە پاڕانەوە و ترس و ئومێدپآبوون و نوێژ و ڕۆژو و سەربڕین و نەزر و چەندین شتى تر لە جۆرەكانى پەرستن، بە مل كەچى و ترسەوە لە گەڵ تەواوى خۆشەویستى دا بۆ خوا.
زۆربەى ئایەتەكانى قورئان لە باسكردنى ئەم بنچینە گەورەیەدا دابەزیوون وەكو ئایەتى: [فَاعْبُدِ اللَّهَ مُخْلِصًا لَّهُ الدِّينَ أَلَا لِلَّهِ الدِّينُ الْخَالِصُ] الزمر:2 ـ 3.
واتە: خوا بپەرستە و گەردن كەچێتی بۆ ساغ بكەرەوە، وە بزانە پەرستن و گەردن كەچێتى تەنها بۆ ئەوە.
وە ئایەتى: [وَقَضَى رَبُّكَ أَلاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ إِيَّاهُ ] الإسراء: 23.
واتە: وە پەروەردگارت فەرمانى داوە كە بێجگە لەو نەپەرستن تەنها ئەو نەبێ.
وە ئایەتى: [ فَادْعُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ] غافر: 14.
واتە: جا هاوار لە خوا بكەن و پەرستـنى خـۆتــــان بە دڵسۆزى و بە پاكى بۆ ئەو ئەنجام بدەن، هەرچەند كافران پێیان ناخۆش بێت.
وە لە هەردوو ێەحیحى بوخارى و موسلیم دا هاتووە لە (معاذ)ەوە رضي الله عنه كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت: [حق الله على العباد أن يعبدوه ولا يشركوا به شيئا] .
واتە: مافى خوا بە سەر بەندەكانەوە ئەوەیە كە بە تەنها بیپەرستن و هیچ هاوبەشێكى بۆ بڕیار نەدەن.
* لە باوەڕ بوون بە خوا: باوەڕ بوونە بە هەموو ئەوانەى خوا لە سەر بەندەكانى پێویستى كردووە، وەكو پێنج پایەكانى ئیسلام كە بریتین لە شایەتوومان و نوێژكردن و زەكاتدان و ڕوَژووگرتن و حەج كردن بۆ كەسێ كە بتوانێ، وە جگە لەمانە لەو (واجب)ـانەى كە لە شرع دا هاتوون.
گرنگ و گەورەترین پایە لە پایەكانى ئیسلام بریتىیە لە شایەتوومان، كە شایەتى دانە بەوەى كە هیچ خوایەك نى یە شیاوى پەرستن بێت تەنها خواى گەورە نەبێ، وە شایەتى دانە بەوەى كە محمد صلى الله عليه وسلم پێغەمبەرى خوایە.
كەوابوو شایەتى دان بە [لا إله إلاَّ الله ] ئەوە پێویست دەكات كە پەرستن بە پاكی تەنها بۆ خوا ئەنجام بدرێ و بۆ هیچ كەسى تر ئەنجام نەدرێ، ئەمە واتاى [لا إله إلاَّ الله ] یە، واتاكەى ئەوەیە كە هیچ پەرستراوێك نىیە شایەنى پەرستن بێ تەنها خوا نەبێ، هەموو ئەوانەى جگە لە خوا دەپەرسترێن لە مڕۆڤـ و فریشتە و جنۆكە و شتانى تر بە بەتاڵ و ناڕەوا دەپەرسترێن، ئەوەى بە ڕاستى شیاوى پەرستنە تەنها خوایە و بەس، وەكو دەفەرموێ: [ذَلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ هُوَ الْحَقُّ وَأَنَّ مَا يَدْعُونَ مِن دُونِهِ هُوَ الْبَاطِلُ ] الـحج: 62.
واتە: ئەو خوایە و ئایینەكەشی و پەرستنى بە تەنها ڕاست و ڕەوایە، وە ئەوانەى كە جگە لە خوا دەپەرسترێن شیاوى پەرستن نین.
پێشتر ئەوە ڕوون كرایەوە كە خوا ئادەمیزاد و جنۆكەى بۆ پەرستن بەدیهێناوە و فەرمانیشى بەوە پێ كردوون، پێغەمبەرانى بۆ ئەو مەبەستە ڕەوانە كردووە، كتێبەكانى دابەزاندووە بۆ هەمان مەبەست، كەوابوو بە باشى بیر لەوە بكەرەوە و تێ بفكرێ بۆ ئەوەى بۆت دەركەوێ كە زۆربەى موسڵمانان تووشى چ نەفامىیەكى گەورە بوون بەرانبەر ئەم بینچینە گرنگ و بە نرخە، تەنانەت لە گەڵ خوادا شتى تریان پەرستووە و مافى بێخەوشى خوایان دا بە كەسانى تر.
* لە باوەڕ بوون بە خوا: باوەڕ بوونە بەوەى كە خوا بەدیهێنەرى هەموو جیهانە و هەڵسوڕێنەرى كاروباریانە و فەرمانڕەوایە بە سەریانەوە بە زانست و توناى خۆى، بە هەر شێوەیەك خۆى بیەوێ، خواى گەورە خاوەن و پادشاى دونیا و ڕۆژى دوایىیە و پەروەردگارى هەموو جیهانیانە و هیچ بەدیهێنەرێكى تر جگە لەو نىیە.
* لە باوەڕبوون بەخوا: باوەڕ بوونە بەوەى كە خوا پێغەمبەرانى ناردووە و كتێبەكانى دابەزاندووە بۆ چاك كردنى بەندەكان و بانگەوازكردن بۆ شتانێ كە ڕِزگاربوونى ئەوانى تێدایە لە ئێستا و ئایندەدا، وە باوەڕبوون بەوەى كە خوا لە هەموو ئەمانە هیچ هاوبەش و هاوەڵێكى نىیە وەك دەفەرموێ: [ اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ] الزمر: 62.
واتە: خوا بەدیهێنەرى هەموو شتێكە، و هەر ئەویش پارێزەرى هەموو شتێكە.
وە دەفەرموێ: [إِنَّ رَبَّكُمُ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ يُغْشِي اللَّيْلَ النَّهَارَ يَطْلُبُهُ حَثِيثاً وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ وَالنُّجُومَ مُسَخَّرَاتٍ بِأَمْرِهِ أَلا لَهُ الْخَلْقُ وَالْأَمْرُ تَبَارَكَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ ] الأعراف: 54.
واتە: بەڕاستى پەروەردگارى ئێوە ئەو خوایەیە، كە ئاسمانەكان و زەوى لە شەش ڕۆژدا خەلق كرد لە پاشان لەسەر عەرشدا بەرز بووەوە، و بە تاریكى شەو ڕۆژ دائەپۆشێ و شەو بەدواى ڕۆژدا بەبێ دواكەوتن ئەروات، خۆر و مانگ و ئەستێرەكانى بەدیهێنا لەحاڵەتێكدا ژێربارى فەرمانى خوان، دروستكردن و فەرمان تەنها بۆ ئەوە، پڕ بەرەكەتە خوایەك كە پەروەردگارى هەموو جیهانیانە. 
* لە باوەڕ بوون بە خوا: باوەِ بوونە بەو ناو و سیفەتە بەرز و جوانانەى كە لە قورئان و سوننەتدا هاتوون، بەبێ دەست كارى و پەكخستن و چۆنیەتى بۆ دیاری كردن و وێكچواندن، بەڵكو پێویستە چۆن هاتووە ئاواش بڕوات، لە گەڵ باوەڕ بوون بەو واتا گرنگ و گەورانەى دەیگەیەنن، كە سیفاتى خوان، پێویستە بەوانە وەسف بكرێ بەشێوازێكى شیاو بەبێ وێكچواندن بە دروستكراوەكانىیەوە لە هیچ سیفەتێك لە سیفەتەكانى دا، وەكو دەفەرموێ: [ لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ ] الشورى: 11.
واتە: هیچ شتێك بەوێنەى خوا نەیە، وە ئەوە بیسەر و بینەری ڕەها.
وە دەفەرموێ: [فَلاَ تَضْرِبُواْ لِلّهِ الأَمْثَالَ إِنَّ اللّهَ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ ] النحل: 74.
واتە: جالەبەر ئەوە بۆ خوا هاوشێوە دامەنێن، بەڕاستى خوا دەزانێ و ئێوە نازانن. 
ئەمە بیروباوەڕى ئەهلى سوننە و جەماعە بوو، لە هاوەڵان و شوێن كەوتوانیان: وەكو پێشەوا (أبو الحسن الأشعري) خواى لێ ڕازى بێت لە كتێبى (الـمقالات عن أصحاب الحديث وأهل السنة) هێناویەتی، وە چەندین كەسى تر لە زانایان و ئیمانداران هێناویانە. 
پێشەوا (الأوزاعي) ـ خواى لێ ڕازى بێت ـ فەرموویەتى ((پرسیار كراوە لە زوهرى و مەكحول دەربارەى ئایەتەكانى سیفات فەرمویانە: وەكو چۆن هاتوون با ئاواش بڕۆن)). 
وەلیدى كوڕى موسلیم ـ خواى لێ ڕازى بێت ـ فەرموویەتى: ((پرسیار كراوە لە مالك و ئەوزاعى و (لیث)ى كوڕى سەعد و سوفیانى (ثوری) ـ ڕەحمەتى خوایان لێ بێت ـ دەربارەى ئایەتەكانى سیفات ؟ هەموویان فەرموویانە: چۆن هاتوون با ئاواش بڕۆن بەبێ چۆنیەتى بۆ دانان)).
ئەوزاعى ـ خواى لێ ڕازى بێت ـ فەرموویەتى: ((ئێمە كاتێ شوێنكەوتووان زۆریان لەژیاندا مابوون ئەمانگووت خوا لەسەر عەرشدایە، وە باوەڕمان هەیە بە هەموو ئەو سیفەتانەى لە سوننەتدا هاتوون)).
هەروەها كاتێ پرسیار كراوە لە (ربیعە)ى كوڕى (أبو عبد الرحمن) مامۆستاى ئیمامى مالك ـ خواى لێ ڕازی بێت ـ دەربارەى (الإستواء) فەرموویەتى: ((الإستواء ڕاستە و زانراوە و چۆنێتى باس ناكرێ، سەرچاوەى پەیام هى خوایە و پێغەمبەر تەنها ڕاگەیاندنى لەسەرە و ئێمەش باوەڕ پێ كردنى)).
كاتێ پرسیار كراوە لە پێشەوا مالك ـ خواى لێ ڕازى بێت ـ دەربارەى (الإستواء) فەرموویەتى: (((الإستواء) زانراوە، چۆنێتى نەزانراوە، باوەڕ بوون پێى پێویستە، پرسیاركردن دەربارەى بیدعەیە، پاشان بەخاوەن پرسیارەكەى ووت: من تۆ بەكابرایەكى خراپ دەزانم ! فەرمانى دا بەدەركردنى و دەریان كرد)). بەهەمان واتا ڕیوایەت كراوە لە دایكى ئیماندارانەوە (أم سلمە) ـ خواى لێ ڕازى بێت ـ. 
پێشەوا (أبو عبدالرحمن بن المبارك) ـ خواى لێ ڕازى بێت ـ فەرموویەتى: ((بەو شێوەیە خواكەمان دەناسین كە لەسەرووى ئاسمانەكان دایە و لە سەر عەرشە و جیاوازە لە دروستكراوەكانى)).
وتەى زانایان و پێشەوایان لەم بابەتەدا زۆرە ناتوانرێت هەمووى لەم نامیلكەیەدا باس بكرێ، هەركەس ئەیەوێ بەو ووتانە ئاشنا ببێ بابگەڕێتەوە بۆ نووسراوى زانایانى ئەهلى سوننە لەم ڕووەوە، وەكو كتێبى (السنە) لە نوسینى (عبدالله كوڕى ئیمامى ئەحمەد) و كتێبى (التوحید) لە نوسینى (محمدى كوڕى خوزەیمە) و كتێبى (السنە) لە نوسینى (أبوبكر بن أبي عاصم)) و وەڵامەكەى شێخى ئیسلام (ابن تمیمة‌) ـ خواى لێ رازى بێ ـ بۆ خەڵكى (حماه)، كە وەڵامێكى زۆر گرنگ و بە سوودە، بەڕاستى بیرو باوەڕى ئەهلى سوننەى تێدا ڕونكردووەتەوە، زۆر لەوتەى زانیان و بەڵگەى شەرعى و عەقڵى تێدا هێناوە لە سەر ڕاستێتى ئەوەى ئەهلى سوننە فەرموویانە، وە بۆ پوچەڵ كردنەوەى قسەى نەیارەكانیان. هەروەها لەنامیلكەى (التدمرية‌)شدا درێژەى بەم باسە داوە و بیروباوەڕى ئەهلى سوننەى تێدا ڕوونكردووەتەوە بە بەڵگەى شەرعى و عەقڵى، وە بەر پەرچى نەیارەكانى داوەتەوە، بەشێوەیەكى وا كە حەق سەرخا و ناحەق لە بن دەربێنێ بۆ هەر زانایەك بە نیازى پاك و بە مەبەستى ناسینى حەقەوە تەماشاى بكات.
هەر كەس پێچەوانەى ئەهلى سوننە بێ لە باوەڕ بوون بەناو و سیفەتەكانى خوا، ئەوا بێ گومان دەكەوێتە ناو پێچەوانە كردنى بەڵگە نەقڵى و عەقڵىیەكانەوە، لەگەڵ نەسازیەكى ڕوون و ئاشكرادا لە هەموو ئەوانەى نەفىیان دەكات و دەیانسەلمێنێ.
ئەهلى سوننە و جەماعە هەرچى خوا و پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم سەلماندویانە لە قورئان وسوننەتى (صحيح) دا، ئەوانیش بۆ خواى دەسەلمێنن بەبێ وێكچوواندن (تشبیه)، وە پاك ڕایدەگرن لە (لەیەك چوون) لە گەڵ دروستكراوەكانى دا پاك ڕاگرتنێك كە پەكخستنى سیفەتەكانى تێدا نەبێت، ئەهلى سوننە ڕزگاریان بووە لە تووش بوون و نەسازى (التناقض) و كاریان بە هەموو بەڵگەكان كردووە ئەمەش سوننەتى خوایە لە كەسانێكدا دەستیان بگرن بە حەقەوە، چى لە توانایاندا هەیە بە دڵسۆزى بۆ خواى ئەنجام بدەن، كە یارمەتىیان بدات و ڕێگەى ڕاستیان بۆ ئاسان بكات و بەڵگەیان سەربخات، وەكو خوا دەفەرموێ: [بَلْ نَقْذِفُ بِالْحَقِّ عَلَى الْبَاطِلِ فَيَدْمَغُهُ فَإِذَا هُوَ زَاهِقٌ وَلَكُمُ الْوَيْلُ مِمَّا تَصِفُونَ ] الأنبياء: 18.
واتە: بەڵكو ئێمە حەق ئەكەین بەسەر باتڵ دا تا ناحەق لەناو دەبا جا لەناكاو ناحەق لەناو دەچێ.
وە فەرموى: [وَلَا يَأْتُونَكَ بِمَثَلٍ إِلَّا جِئْنَاكَ بِالْحَقِّ وَأَحْسَنَ تَفْسِيرًا ] الفرقان: 33.
واتە: موشریكەكان هیچ پرسیار و پێشنیارێك بۆ تۆ ناهێنن ئیلا ئێمەش لەبەرانبەریاندا وەڵامى حەق و چەسپاو و باشترین تەفسیرت بۆ ئەنێرین. 
زاناى پایەبەرز (الحافظ ابن كثير) ـ خواى لێ ڕازی بێت ـ لەتەفسیرە بەناوبانگەكەیدا لە تەفسیرى ئایەتى: [ إِنَّ رَبَّكُمُ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ] الأعراف: 54. 
واتە: بەڕاستى پەروەردگارتان ئەو خوایەیە كە ئاسمانەكان و زەوى لەشەش ڕۆژدا بەدیهێنا پاشان لەسەر عەرش بەرز و بڵند بووەتەوە.
لە تەفسیرى ئەم ئایەتەدا قسەیەكى بەنرخى باس كردووە كە دەفەرموێ: (خەڵكى لەم مەسەلەدا ڕا و قسەى جیاوازیان هەیە، ناتوانرێ لێرەدا هەمووى باس بكرێ، بەڵام ئەوە هەیە ئێمە پەیڕەوى مەزەهەبى پێشین دەكەین وەكو ئیمامى مالك و ئەوزاعى و پورى و (لیث)ى كوڕى سەعد و شافعى و ئەحمەد و ئیسحاقى كوڕى (راهویه)، وە چەندین كەسى تر لە پێشەوایانى موسڵمانان لە كۆن و تازەدا، مەزهەبى ئەوانیش بریتىیە لەوەى ناو و سیفەتەكانى خوا چۆن هاتوون با ئاواش بڕۆن بەبێ (تكییف) چۆنیەتى و (تشبیه) وێكچواندن و (تعطيل) پەكخستن، ئەوەى دێت بە مێشكى ئەوانەى (تشبیه) دەكەن دوورە لە خواوە، چونكە هیچ شتێك هاو وێنەى خوا نىیە، خوا گەورە و بیسەر و بینایە، بەڵكو پێشەوایان لەوانە (نعیم بن حماد الـخزاعی) مامۆستاى ئیمامى بوخارى فەرموویەتى: هەركەسێ خوا بەدروستكراوەكانى بشوبهێنێ ئەوا كافر دەبێ، وە لەو وەسفانەى خوا بۆ خۆى كردوە و پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بۆى كردوە هیچ (تشبیه) ێك نى یە، ئەوەى ئەو ناو و سیفەتانەى كە لە قورئان و سوننەتى (صحيح)دا هاتوون بسەلمێنێ بۆ خوا (بەو جۆرەى كە شیاوە بە بەرزى خواوە)، وە نەفى كەم و كوڕى بكات ئەوە بەڕاستى ڕێگەى هیدایەتی گرتووەتە بەر.